کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هەڕەشەی لە ڕێژیمی ئێران کرد

16:44 - 21 خەزەڵوەر 2720

"مایک پۆمپئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە ڕووبەڕووی هەر کار و چالاکییەکی ڕێژیمی ئێران کە ئەمنییەتی ئامریکا بخاتە مەترسییەوە؛ دەوەستینەوە.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی لە لاپەڕەی توێتێری خۆیدا نووسیویەتی: "پەیامی ئێمە ڕوونە، هەرکەس ولایەنێک لەگەڵ ئێران پێوەندیی هەبێت دەکەوێتە لیستی ڕەشی ئێمەوە و بۆ ئەوەی ڕێگایان لێبگرین سزایان دەدەین".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە تویتێکی دیکەی هاوشێوەدا نووسیویەتی لە ڕۆژانی داهاتوودا سەفەرێکم بۆ وڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت و لەم سەفەرەدا چەندین پرس دەکەوێتە بەر باس کە گرینگترینیان چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئامریکا هاوکاتە لەگەڵ پەسندکردنی چەندین سزای نوێ بە سەر ١٠ کەس و شرکەتی ئێرانی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە.

ئامریکا زیاتر ئەو کەس و دامەزراوانە سزا دەدات کە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا دەستیان هەبووە و ئەم بڕیارەی ئامریکا لە یەکەمین ساڵیادی سەرکوتی خوێناوی خۆپیشاندەراندایە.

لە ڕۆژانی داهاتوودا گەمارۆی نوێ بەربڵاو لەلایەن ئامریکاوە دەخرێتە سەر ئەو کەس و دامەزراوانەی سەر بە ڕێژیمن و خەڵکی ناڕازی سەرکوت دەکەن.