کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و بریتانیا: لەبابەت هێرش بۆ سەر نەوتکێش وڵامێکی گونجاو بە ئێران دەدەینەوە

11:57 - 11 گەلاوێژ 2721

''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئامریکا لەبارەی کردنە ئامانجی نەوتکێشی ئیسرائیلی لە دەریای عەرەب لە نزیک کەنارئاوەکانی عەمان وتی: ''هێرشی ئێران بۆ سەر نەوتکێش لە دەریای عەرەب هیچ پاساوێک هەڵناگرێت''.

''بلینکێن'' ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە کە واشنتۆن بۆ وڵامێکی گونجاو بە ئێران لە حاڵی هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتانە.

هاوکات ''دومینیک ڕاب'' وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕێژیمی ئێرانی تاوانبار کرد کە بەرپرسی هێرشی بەئەنقسەت و ئامانجدار بۆ سەر نەوتکێشێکی ئیسرائیلی لە نزیک دەریای عەمانە.

ناوبراو وتی: ''بریتانیا بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکانی خۆی هەوڵ دەدات هەتا وڵامێکی بەهێز بەو هێرشە بداتەوە''.

''ڕاب'' هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران دەبێ ئەم چەشنە هێرشانە ڕابگرێت و کەشتییەکان دەبێ بەپێی یاسای نێونەتەوەیی ئازادانە هاتوچۆ بکەن.

هەروەها ''نفتالی بێنت'' سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر کەشتیی ئیسرائیلی لە دەریای عەرەبی بە هەڵەیەکی گەورە وەسف کرد و وتی، ڕێژیمی ئێران ترسەنۆکانە دان بەو هێرشەدا نانێت.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتی: ''ئەو هێرشە ئاکاری دەستدرێژانەی ڕێژیمی ئێران بە جیهان نیشان دەدات''.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، کەشتییەکی بازرگانیی ئیسرائیل لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کرایە سەر و لە ئاکامدا دوو کەس لە کارمەندانی کەشتییەکە کوژران.