کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و ئورووپا دژی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران هاودەنگن

12:31 - 31 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئورووپا و ئامریکا بۆ پێشگرتن لە تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاودەنگن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان "ستیفن منوچێن"، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، لە لێدوانێکدا لە ئاراژنتین باسی لەوە کرد، کە ئامریکا و یەکیەتیی ئورووپا بەگشتی لە سەر هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوبیر نین.

ناوبروا جەختی کردووەتەوە، کە هەڵبەت ڕوانگەی هاوبەشی هەر دوو لایەن لە سەر ئەو بنەمایە، کە بەر لە هەر شتێک ڕێژیمی ئێران هەرگیز نابێت دەستی بە چەکی ناوک بگات و پاشان دەبێت پێش بە ڕێژیمی ئێران بگیردرێت، کە تێرۆریزم بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەناردە دەکات.

ئامریکا مانگی بانەمەڕ لە ڕێککەوتنی ناوکیی بەرجام هاتەدەر و ترامپ بڕیاری دا هەتا گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ئەو ڕێژیمە پەسەند بکرێتەوە؛ بەڵام ئورووپا ڕایگەیاند، هەتا کاتێ کە تاران پێبەندی ڕێککەوتنی ناوکی بێت، ئورووپا خوازیاری پاراستنیەتی.

ماوەیەک پێش هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، داوای لە هاوپەیمانانی ئامریکا، کۆمپانیا بەشەکۆوەکان و کەرتی تایبەت کردووە، هەموو هەوڵەکانیان وەگەڕ بخەن، بۆ ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هیچ مامەڵەیەک سوودمەند نەبێت.

ئەو داواکارییەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا بۆ ئەوەیە، کە هەتا ڕێژیمی ئێران لە پارەی سوودی مامەڵەکان بۆ کارە تێکدەرانەکانی خۆی کەڵک وەرنەگرێت.

"سیگڵ ماندڵەر" پارێزەری وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، لە قسەکانیدا جەختی کردبوو، کە ڕێژیمی ئێران کۆمپانیاکانتان هەڵدەخەڵەتێنێت؛ هەروەها پارێزراویی سیستمی پارەکانتان تێک دەدات و دامەزراوەکانتان دەخاتە مەترسییەوە و هەموو ئەم هەوڵانەی ڕێژیمیش بۆ یارمەتیدان بە تێرۆر،  پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە گرووپە تیرۆریستییەکانە."

ماندڵەر دووپاتی کردبووە، " گوشاری دارایی پێشوەخت بەسەر ڕێژیمی ئێراندا دەسەپێنین، دەسەڵاتی ئابووریمان بەهێزە و تەنیا یەک بژاردە دەخەینە بەردەم رێژیمی ئێرانەوە؛ دەبێت ئیتر پشتیوانی لە تێرۆر نەکات و واز لە چالاکییە تێکدەرانەکانی بهێنێت و مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات، ئەگەر نا بەرەوڕووی کارەساتێکی دارایی دەبێتەوە."

دوای ئەوەی که سەرۆکی ئامریکا، دانڵد ترامپ لە ڕێکەوتنی ناوکیی بەرجام کشایەوە، سزای ئابووریی بەسەر ڕێژیمی تاراندا سەپاند، کە بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەندین شیرکەت و بانکی بیانی لە ئێراندا چوونەتە دەرەوە.