کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و چەندین وڵاتی دیکە هۆشدارییان بە چین دا لەسەر هێرشکردنی بۆ سەر تایوان

12:21 - 28 جۆزەردان 2722

فەرماندە نیزامییەکانی وڵاتانی "ئامریکا، کۆرەی باشوور، ژاپۆن و فیلیپین" و چواردە وڵاتی دیکە لە شاری "تۆکیۆ"ی پایتەختی "ژاپۆن" کۆ بوونەوە و لە ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر وڵاتی تایوان، هۆشدارییان بە "چین" دا.

ئەو کۆبوونەوەیە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی جۆزەردان دەستی پێ کردووە و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردان کۆتایی پێ هاتووە.

ئەو شێوە کۆبوونەوەیە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن "ئامریکا"وە ڕێک خرابوو و یەکەم دانیشتنی لە "هاوایی" بەڕێوە چووبوو.

ئەو کۆبوونەوە نیزامییە لەلایەن ئامریکا و بۆ ڕێگریکردن لە وڵاتی چین ڕێک خراوە و بۆ یەکەم جارە کە بە میوانداریی "ژاپۆن" بەڕێوە دەچێت.

لەو کۆبوونەوەیەدا فەرماندە نیزامییەکانی ئەو چەند وڵاتە ڕایانگەیاندووە کە لە ئێستادا هیچ وڵاتێک بە تەنیایی ناتوانێت هەموو کارەکان بەڕێوە ببات، هەروەها هۆشداریی ئەوەیان داوە کە ڕێگا بە گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی لە ڕێگای زۆرەملێوە نادەن.

ئەو هۆشدارییانە لە ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر تایوان وتراوە و لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیەندنەکانی تایوان ناڕەزایەتییان نیشان داوە و بڵاویان کردووەتەوە کە بۆ ئەو کۆبوونەوانە هەیئەتێکی ئەوان بەشدارییان کردووە، بەڵام ئاڵای تایوان لەو کۆبوونەوانەدا دانەراوە.

ئامریکا، تایوان وەکوو وڵاتێکی سەربەخۆ ناناسێت، بەڵام بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٨، پێویست دەکات کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر تایوان، یارمەتیی نیزامیی ئەو وڵاتە بدات.

بە دوای هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، هەواڵی ئەگەری هێرشی چین بۆ سەر تایوان بڵاو بووەوە و لەو ماوەیەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی چین چەندین جار ئاسمانی "تایوانـ"ـیان بەزاندووە. چین، تایوان بە بەشێک لە وڵاتی خۆی دەزانێت.