کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران کۆمیتەیەکی هاوبەش پێک دێنن

11:58 - 8 بانەمەڕ 2721

''جیک سالیوان'' ڕاوێژکاری تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا و ئیسرائیل لە دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی خۆیان لە واشنتۆن لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە بە مەبەستی هەڕەشەی دڕۆن و مووشەکەکانی ڕێژیمی ئێران کۆمیتەیەکی هاوبەش پێک بێنن.

لەو دانیشتنەدا ڕاوێژکارانی تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا و ئیسرائیل نیگەرانیی خۆیان لە بابەت بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکیی ئێران لە ساڵانی ڕابردوو تاوتوێ کردەوە و ''سالیوان'' هاوتا ئیسرائیلییەکەی خۆی لە ڕەوتی ئاکامی وتووێژکان لەبارەی زیندووکردنەوەی بەرجام ئاگادار کردەوە.

هەروەها لەو چاوپێکەوتنەدا دوو لایەن لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە لەبابەت کۆمەڵێک لە پرسەکان ڕاوێژیان هەبێت.

''تایمز ئاو''ی ئیسرائیل لەوبارەوە نووسیویەتی کە ''یوسی کوهن'' بڕیارە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئامریکا، بەڵگە نهێنیکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بابەت بەرنامەی ناوکیی ئەو ڕێژیمە بخاتە بەر دەستی دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' و ئامریکا لە پێوەستبوون بە بەرجام پاشگەز بکاتەوە.

هەروەها ''ئاویو کوخاوی'' بەرپرسی ستادی ئەرتشی ئیسرائیل، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پێنتاگۆن چاوپێکەوتنی هەبێت، هەتا داوای چاوەدێری نێونەتەوەیی و کۆنترۆڵ بەسەر بەشی لێکۆڵینەوە و گەشەی ئێران و پیتاندنی ئورانیۆم بکرێت.