کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و یەمەن پشتیوانییان لە خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران کرد

14:07 - 28 پووشپەڕ 2720

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و وەزیری زانیاریگەیاندنی یەمەن پشتیوانیی تەواوی خۆیان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیمی ئێران دەربڕی.

لە کاتێکدا کە ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی شاری "بێهبەهان" گەیشتووەتە ٣٠ کەس، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و وەزارەتی زانیاریگەیاندنی یەمەن پشتیوانییان لە خۆپیشاندەران کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە دانانی ڤیدیۆیەک لە تویتێکدا لە لاپەڕەی فارسیی وەزارەتدا نووسیویەتی: "ئێمە خۆپیشاندانەکانی ئێوەمان بینیوە و دروشمەکانتانمان بیستووە. لە حاڵێکدا کە ڕێژیم دیسانەوە بە پچڕاندنی ئینتێرنێت هەوڵی داوە کە دەنگتان کپ بکات، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنگی ئێوە دەبێت".

هەر لەو پەیوەندییەدا "موعەمەر ئەلئەریانی" وەزیری زانیاریگەیاندنی یەمەن، ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ سەرەڕای ڕاگەیاندنی هاوپەیوەندی و پشتیوانی لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕێژیم لە ئێراندا، ڕایگەیاندووە کە خەڵکی یەمەن هەر لە ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوام بەهۆی زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران و سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا ئازاریان چەشتووە.

ناوبراو هەروەها سەرەڕای مەحکوومکردنی هێرشە سەرکوتکارانەکانی ڕێژیم، ئەشکەنجە و بچڕاندنی ئینتیرنێت لەو ناوچانەی کە خۆپیشاندان تێیدا دێتە ئاراوە وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران بە ئامانجی شاردنەوەی جینایەتەکانی ناهێڵێت خەڵک دەستیان بە ئینتێرنێت بگات.

ڕێژیمی ئێران کە لە دۆخێکی ئابووریی شپرزەدایە و هەروەها تووشی قەیرانی ڕەوایەتییە و پێگەی سیاسیی لەنێو خەڵکی ئێران و وڵاتانی دەرەوەشدا شل بووە، هیچ بایەخێک بە گیانی خەڵک نادات و لە هەر ڕێگایەکەوە هەوڵ بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک دەدات.