ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک عەلی عەلیپوور، دڵسۆزی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی سیاوان لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ، بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.
کاک عەلی پاش دامەزرانی هێزی بەرگری لە ناوچەکەدا دەبێ بە پێشمەرگەی هێزی بەرگری و دوای داگیرکرانەوەی ناوچەکە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، بەهۆی ئەوە برا و ئامۆزایەکی بە ناوی حەسەن و ڕەمەزان عەلیپوور پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون، ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بووەتەوە.
ناوبراو زۆرجار تووشی لێدان و سووکایەتی بووەتەوە، بەڵام هیچکات لە خزمەتکردن و دڵسۆزیکردن بۆ حیزبی دێموکرات دوودڵ نەبووە و وەفادار بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات مایەوە.
تەرمی ناوبراو بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە گۆڕستانی ئاوایی سیاوان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.