کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرێکی ئامریکا گەڵالەیەکی نوێی دژی ڕێژیمی ئێران پێشکەش کرد

13:32 - 21 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا گەڵاڵەیەکی نوێی بۆ زیاتر گەمارۆ خستنەسەر ڕێژیمی ئێران، بە نیسبەت بەرنامە مووشەکییەکانی ئەو ڕێژیمە پێشکەش کردووە.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خاکەلێوە، ڕۆژێک دوای بەتێرۆریسیت ناساندنی سپای پاسداران، "مایکل مەک کاڵ"، نوێنەری کۆماریخوازەکانی ئەیالاتی تێگزاس و ئەندامی کۆمیتەی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، گەڵاڵەیەکی بۆ زیاتر گەمارۆ خستنەسەر ڕێژیمی ئێران، پێشنیار کردووە.

مەک کاڵ، لە کاتی پێشکەشکردنی پلانەکەیدا وتوویەتی: دوێنێ پرێزیدێنت ترامپ لە بڕیارێکی مێژووییدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک تێرۆریست ناساند".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئەم پلانە تەواوی کەرەستە و پەرەپێدەران و دابینکەرانی ماڵیی بەرنامە مووشەکییەکان دەگرێتەوە و هەروەها ئاستی ئاڵووێرە ماڵییەکان دەگەیەنێتە نزمترین ئاستی خۆی کە دەبێتە هۆی کورتبوونی دەستی سپای پاسداران لە گەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان".

گەڵاڵەی “H.R.2118”  لەژێر ناوی "یاسای توندی گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکان و بەرنامەی مووشەکیی بالستیکیی ئێران"، یەک ڕۆژ دوای ئەوەی سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر خرا، پێشکەش کراوە کە بە مەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر ئاڵووێرە ئابوورییەکانی ئێران و بەرنامە مووشەکییەکانی ئامادە کراوە.