کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: پێش به هەوڵە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران دەگرین

13:26 - 8 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی فەرماندەییی ناوەندی ئەرتەشی ئامریکا باسی لەوە کردووە، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، هەموو کەرستەیەکی پێویستمان لە بەردەستدایە.

ڕۆژی شەممە، ٧ی بانەمەر، ژێنراڵ کێنس مەک کێنزی، بەرپرسی فەرماندەییی هێزەکانی ناوەندی ئەرتەشی ئامریکا ناسراو بە سێنتکام، لە کاناڵی عەرەبیی ئێسکای نیوز باسی لەوە کرد، هەوڵە تێرۆریستییە کانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا، بووە به هەڕەشەیەکی درێژخایەن و ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانە هەموو کەرستەیەکی پێویست و هێزی تایبەتمان لە بەردەستدا هەیە.

ئەم فەرماندە نیزامییەی ئامریکا وتوویەتی: لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانان و دۆستەکانمان لە ناوچەکەدا پتەوتر دەکەین.

هەروەها، پێشتریش وتەبێژی فەرماندەییی هێزی دەریاییی ئامریکا، باسی لەوە کردبوو، کە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە گەرووی هۆرمۆزدا پێبەندی پاراستنی ئازادیی کەشتیڕانین.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٦ی بانەمەر، کریستوفێر ڕێی، بەرپرسی پولیسی فێدراڵی ئامریکا، باسی لەوە کردووە، کە چەندین حاڵەتی پەیوەندیدار به سپای قودسی پاسداران لە خاکی ئامریکا و نزیکترین هاوپەیمانەکانی بوونی هەبووە، کە دەبێت هەڕەشەکانی ئەم هێزە تێرۆریستییەی ڕێژیم بە جیدی وەر بگیرێت.