کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا چەند کەسی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی تەحریم کرد

11:48 - 23 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، هەموو ئەوانەی کە لە بواری ماڵییەوە "حیزبوڵڵا"ی لوبنان دابین بکەن، گەمارۆیان لەسەر دادەنرێت و لە نوێترین هەوڵەکانیشدا چەند کەسی لوبنانیی تەحریم کردووە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی هەینی، ٢٢ی سەرماوەز، چەند کەسایەتیی لوبنانیی بە ناوەکانی "ساڵح عاسی"، "نازم سەعید ئەحمەد" و "تۆنی سەعب"، بە تاوانی سپی کردنەوەی پارە و گەیاندنی یارمەتیی ماڵی بە "حیزبوڵڵا"ی لوبنان و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم تەحریم کرد.

بە وتەی ئەو وەزارەتخانەیە، "نازم سەعید ئەحمەد"، بودجەی پێویستی "حەسەن نەسروڵڵا"ی ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنانی دابین کردووە.

ناوبراو کە بازرگانی ئەڵماسە، وەکوو یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی ماڵیی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە ناسراوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕەوتێکی شێلگیرانەی سەبارەت بە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە یارمەتیی لۆجێستیکیی حیزبوڵڵا دەدەن گرتووەتە بەر و لە گەمارۆدانان لە سەریان کە یاساغبوونی سازوکاری ماڵی و بلۆککردنی حسێبە بانکییەکانیانی بە دواوە دەبێت، هیچ گومانێکی نییە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەروا جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا پشتیوانی لە داواکانی خەڵکی لوبنان بۆ کۆتایی پێهێنان بە گەندەڵی و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم کە لە سیستەمێکی گەندەڵدا پەرە دەستێنێت، دەکات.