کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٤ ڕێبەری گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی تەحریم کرد

12:05 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا ٤ ڕێبەری گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی عێراقی کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەهۆی ئەوەی کە دەستیان لە سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئەوە وڵاتەدا هەبووە، تەحریم کرد.

وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، ڕۆژی هەینی ١٥ی سەرماوز ڕاگەیاند، '' قەیس خەزعەلی'' ڕێبەری گرووپی ''عەسائێب ئەڵحەق'' و برایەکی بە ناوی ''لەیس خەزعەلی''،  هەروەها ''حوسێن فالح ئەلامی'' ڕێبەری ئەمنیەتی حەشدی شەعبی و خەمیس ئەلعێساوی خستووەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەم کەسانە سەربە گرووپی حەشدی شەعبین کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

ئەو کەسانە بە هۆی ئەوەی کە دەستیان لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە عێراقدا هەبووە لەلایەن ئامریکاوە تەحریم کراون.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا لە بەیانییەکدا ڕاگەیاندووە، ئەم ٤ کەسە ڕوو لە خۆپیشاندەران تەقەیان کردووە و دەیان کەس لە خەڵکی مەدەنییان کوشتووە.

هەروەها، ''دەیوید شێنکر'' بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دەروەی ئامریکا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک وتوویەتی کە ئەگەر توندوتیژی دژی ناڕازیان ڕانەگیرێت، ئامریکا گەمارۆی زیاتر بەسەر بکەرانی ئەم توندوتیژییەدا دەسەپێنێت.

خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی باشووری عێراق کە دوو مانگ لەمەوە پێش لە دژی گەندەڵی، بێکاری، ناکارامەیی دەوڵەت و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی پێکرد کە تا ئێستا لەم خۆپیشاندانەدا نزیکەی ٤٣٠ کەس کوژراون.