کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە تێرۆریزم بێنێت

09:32 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ جارێکی دیکەش داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە  کۆتایی بە تێرۆریزم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵات بێنێت.

"هیدر نائۆرت" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە نوێترین لێداوانیدا داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کرد کە کۆتایی بە تێرۆریزم و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی وڵات بێنێت و هۆشدارییەکی جیددی بە ڕێژیمی ئێران دا.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، بۆ پێشگرتن و کۆتایی هێنان بە تێرۆر و توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی وڵات و باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، هەوڵی جیددی پێویستە.

نائۆرت لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە ئێمە پشتیوانی لە خەڵکی ئێران دەکەین و جیهان دەبێت دژی ڕێژیمی ئێران یەکگرتوو بێت.

لەو پێوەندییەدا، "ڕابێرت وود جانسۆن" باڵوێزی ئامریکا لە بریتانیا لە پەیامێکی تویتێریدا نووسی، ئامریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە گوشاری ئامانجدار و بەردەوام بۆ سەر ڕێژیمی ئیران باشترین ڕێگای گۆڕینی کردەوە خراپکارنەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بەردەوام ناڕەزایەتیی وڵاتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوای لێ کەوتووەتەوە و وەزارەتی دەرەوی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانی بە یەکەم وڵاتی پشتیوانیی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، ساڵی ڕابردوو ئاشکرای کرد، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک ساڵانی ڕابردوو، هەروا بە توندی پشتگیریی لە لایەن و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە هەموو جیهاندا کردووە و تەنانەت بوونی خۆی لە ئەفریقا بەهێزتر کردووە.