کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا، ٢ کەس و ٣ ناوەندی حیزبوڵلای لوبنانی خسته نێو لیستەی گەمارۆکانەوە

12:06 - 5 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە پێناو ئامانجەکانی خۆی بۆ گوشارهێنانە سەر حیزبوڵلای لوبنان کە لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، دوو کەس و سێ ناوەندی پێوەندیدار بەم ڕێکخراوەی خستە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی بانەمەڕ، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، رایگەیاند که دوو کەس و سێ ناوەندی حیزبوڵلای لوبنانی خستووەتە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە. نوێنەرانی یاسایی "محەممەد بێزی" و "ئەدهەم تەباجە" و هەروەها، کۆمپانیاکانی پێوەندیدار بەم کەسانە، تەحریم کراون.

بە پێی بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، یەکێک لەو دوو کەسە، بلژیکی و ئەوی تریان خەڵکی لوبنانە. دوو ناوەندی بلژیکی و ناوەندێکی بریتانیاییش لەم راستایەدا گەمارۆ دراون.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "کۆمپانیای تەفریحی و سازکردنی(ساخت و ساز) ئەلنەماء کە خاوەنەکەی ئەدهەم تەباجەیە و بەرپرسی سووڕی(گردش) ماڵیی و دابینکردنی بوودجەی حیزبوڵلای لوبنانه، کەوتووەتە نێو لیستەی گەمارۆکانەوە."

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئەگەری هەیە، "ئەدهەم تەباجە"، "محەممەد ئیبراهیم بێزی" و "عەلی یووسف شەرارە"، دابینکەرانی ماڵیی حیزبوڵلا بن و واشینگتۆن خەریکی گەڕان بە دوای زانیارییەکانیان بێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: ئەم سێ کەسە لە نێو لیستەی ڕەشی "تێرۆریستە نێونەتەوەییەکان"دان.

پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە سەر بڕیاری ئەم وڵاتە بۆ بڕینی ڕێگاکانی یارمەتی گەیاندنی ماڵیی ئێران بۆ حیزبوڵلای لوبنان کردبوو.

دەوڵەتی ترامپ، گەمارۆکانی دژ بە ڕێژیمی ئێران وەگەڕخستەوە تاکوو بە هێنانی گوشار بۆ تاران، پێش بە پشتیوانیی ماڵی و هەروەها دابینکردنی چەکوچۆڵی ئەو گرووپە تێرۆریستییانە بگرێت کە لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.