کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەمارۆکانی بەربڵاوتر کردووەتەوە

13:34 - 10 گەلاوێژ 2720

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئەو وڵاتە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی بە گەمارۆ خستنە سەر بەشی "ئاسن" و "ئاوەدانکردنەوە" بەربڵاوتر کردووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە گەمارۆکانی سەر بەشی ئاسنی ڕێژیمی ئێرانی بە گەمارۆ خستنە سەر ٢٢ جۆری ئاڵمینیۆم، پۆڵا و مس، بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ناوکی، نیزامی و مووشەکیی تاران بەربڵاوتر کردووەتەوە.

"مایک پۆمپێئۆ" وەزیری کاروەباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە، بەپێی یاسای گەمارۆوە نوێیەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، هەرکەس ئەو جۆرە ئاسنانە کە گەمارۆیان لەسەرە بۆ ئێران بنێرێت لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەرنامەی ناوکی، مووشەکی و نیزامیی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکی مەترسیدار دژ بە تەناهی و ئاشتیی نێونەتەوەییە.

"پۆمپێئۆ" وتوویەتی سپای تێرۆریستیی پاسداران، بەشی ئاوەدانکردنەوەی لە ئێراندا خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئامریکا وتوویەتی، شیرکەتی ئاوەدانکردنەوەی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران و شیرکەتە لاوەکییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بەهۆی ئەوەیکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی "فەردۆ" بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم کاریان کردووە گەمارۆیان لەسەر دادەنرێت.

"مایک پۆمپێئۆ" هۆشداریی داوە،  هەر کەسیک مەوادگەلی پەیوەندیدار بەو کارە بۆ ئێران بنێریت هەتا لە بەشی ئاوەدانکردنەوەدا بەکار بهێنرێت لەلایەن ئامریکاوە بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکریت.

سپای تێرۆریستیی پاسداران نزیک بە ١٠٠ شیرکەت کە بایەخیان دەگاتە نزیک بە ١٢ میلیارد دۆلار لەژێر دەسەڵاتیدایە کە نزیک بە ٤٠ هەزار کەس تێیدا کار دەکەن و لەو پێناوەشدا دامەزراوەی "خاتەمولئەنبیا"، گرێدراو بە سپای تێرۆریستیی پاسداران، خاوەندارییەتی نزیک بە ٨٠٠ شیرکەتی لاوەکیی بە دەستە.

سپای تێرۆریستیی پاسداران لەو ڕێگاوە توانیویەتی هەزاران گرێبەستی فەرمی بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی بە دەست بهێنێت.