کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا گەورەترین باڵوێزخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە

16:49 - 12 رێبەندان 2720

بەپێی زانیارییەکان ئامریکا پێداگرە لەسەر گواستنەوەی باڵوێزخانەی خۆی لە بەغداوە بۆ هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان.

ماڵپەڕی فەرانسەویی "ئینتیلیجێنس" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئەمنییەتیی بەغدا و ئەو هەڕەشانەی بەردەوام لەسەر ناوچەی سەوز هەیە، ئامریکا بە تەمایە هێزەکانی لە بەغداوە بگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لەدوای هێرشی مووشەکیی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە بەغدا، بەرپرسانی باڵای ئامریکا باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانیان لە بەغدا گیانیان لە مەترسیدایە و پێویستە بگوازرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەرچەندە ژمارەی هێزەکانی ئامریکا لەعێراق لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بەڵام هێشتا زۆربەی هێزەکانیان لە بەغدا چڕ کراونەتەوە.

ڕاپۆرتەکە پشتی بە چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی و سەربازیی هێزەکانی ئامریکا بەستووە  و تێیدا هاتووە کە لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڕەشەکان بۆ سەر ناوچەی سەوز و زۆربوونی داواکارییەکان بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لە خاکی عێراق و پێداگریی ئامریکا لەسەر داخستنی باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا وەزارەتی بەرگریی ئامریکا "پێنتاگۆن"، بابەتی گواستنەوەی هێزەکانی کە ٢هەزار و ٥٠٠ سەربازە، بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو باڵوێزخانە نوێیـ"ـەی ئامریکا کە بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە لە هەرێمی کوردستاندا بیکرێتەوە، بە گەورەترین باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە هەموو جیهان دێتە ئەژمار کە بڕی ٦٠٠ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت.