کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئانتۆنیۆ گوتریش بە توندی ڕەخنەی لە حیزبوڵڵای لوبنان گرت

12:50 - 1 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە، هەتا چالاکییە سەربازییەکانی خۆی، چ لە نێوخۆی لوبنان و چ لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بەتایبەت سووریە ڕابگرێت و کۆتایییان پێ بێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاسۆشێتدپرێس، ئانتۆنیۆ گوتریش، سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەوڵەت و ئەرتەشی لوبنان کردووە، هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ هەتا پێش بە پڕچەکبوون و چالاکییە تێکدەرانەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بگرن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە: "حیزبوڵڵای لوبنان بە کردەوەکانی خۆی، بڕیارنامەی ساڵی ٢٠٠٤ی شۆرای ئەمنییەت و ڕێککەوتننامەی (تائێف) پێشێل دەکات.

بڕیارنامەی ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی، سەبارەت بە چەککردنی هەموو میلیشیاکانی لوبنان و ڕێککەوتننامەی تائیفیش، کۆتایی بە شەڕی نێوخۆیی ١٥ ساڵەی لوبنان هێنا.

گوتریش وتوویەتی: "لە وڵاتێکی دێموکراتدا، ئەوە ناتەبایییەکی گەورەیە، کە حیزبێکی سیاسی باڵی میلیشیایی هەبێت، باڵێک کە پێبەندی یاسا دێموکراتیکەکانی وڵاتەکەیان نین، بەڵام ئەو توانایییەیان هەیە، کە بەردەوام وڵاتەکەیان تووشی بشێوی و شەڕ بکەن".

ڕێژیمی ئێران سەرەکیترین پاڵپشت و پشتیوانی حیزبوڵڵای لوبنانە، ئانتۆنیۆ گویترش بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتێک بێنێت، داوای لە هەموو دنەدەران و پشتیوانانی حیزبوڵڵا کردووە، هەتا لە ڕاستای چەککردنی یەکجارەکی ئەو گرووپە، یارمەتیدەری حکوومەت و ئەرتەشی لوبنان بن.

تەنیا چەند کاتژمێر پاش قسەکانی ئانتۆنیۆ گوتریش، مایک پێمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاندبوو: "ئێمە لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوام بەدوای دەستوپێوەندییەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانین و ئەوان دەدۆزینەوە و لەنێویان دەبەین".