کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاویگدور لیبرمەن: هیوادارین لە ئێراندا مرۆڤانێکی عاقڵ دەسەڵات بە دەستەوە بگرن

14:24 - 15 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: نیگەرانییەکانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی، لە بارەی هەبوونی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و جێگیربوونیان لە سووریەدا زیادی کردووە.

ئاویگدور لییبرمەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ "ڕادیۆی ئورووپای ئازاد/ ڕادیۆی ئازادی"، جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە، کە وڵاتەکەی هەر جۆرە بنکەیەکی نیزامی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لەنێو دەبات و ڕایگەیاند: "ئێمە ناتوانین شاهیدی ئەوە بین، کە سووریە ببێتە بنکەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بە دژی خۆمان، بۆیە هەوڵ دەدەین، کە هەر جۆرە بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران وەک: بوونی بنکەی ئاسمانی، دەریایی یان کارخانەی بەرهەمهێنانی مووشەک لەنێو ببەین، هەروەها ڕێگە نادەین بە دروستکردنی بنکە بۆ میلیشیا شێعەکان کە لە پاکستان، عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە بۆ سووریە هێنراون و ڕووبەڕوویان دەبینەوە".

لیبرمەن لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە داهاتووی ئێرانێک کردووە، کە ئارەزووی هەیە لەگەڵی هاوکاری بکات و ڕایگەیاندووە: "هیوادارم ڕۆژێک مرۆڤانێکی عاقڵ کاروباری ئێران بگرنە دەستەوە، کە بتوانین ئێمە دووبارە هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئەم وڵاتە دەست پێ بکەینەوە".

 هەروەها بنیامین نێتانیاهووش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژ، لە دانیشتنی هەفتانەی کابینەی ئورشەلیم جەختی لە پێشگیری لە هەبوونی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریەدا کردەوە و ڕایگەیاند: "ئیسرائیل لەسەر بڕیارەکەی بۆ پێشگرتن لە مانەوەی هێزی نیزامی و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران سوورە، ئێمە لێبڕاوانە لە بەرانبەر هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی چەکوچۆڵ لە هەر شوێنێک، چ دوور بێت یان نزیک لە سنوورەکانمان ڕادەوستین"

ئیسرائیل هەبوونی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە نزیک سنوورەکانی خۆی، بە مەترسییەکی جیدی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت و ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی ڕایگەیاند، کە لە دووساڵی ڕابردوودا ٢٠٠ جار بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانجی مووشەک و هێرشە ئاسمانییەکانیان.