کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوەی خاوێن بووەتە خەونێک بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران

13:53 - 1 گەلاوێژ 2720

سەرەڕای بوونی کێشە و گرفت و قەرانگەلێکی زۆر لە ئێران، کێشەی نەبوون و ناپاقژبوونی ئاو لە "سەقز، مەریوان و خووزستان" و شارەکانی دیکە، ژیانی خەڵکی زیاتر لە هەموو کاتێک تاڵتر کردووە.

لە "سەقز" ئاوی دوو گەڕەکی "حاجیئاوا و ساڵحئاوا" بە ڕێژەیەکی بەرچاو پیس بووە و تەندروستیی خەڵکی ئەو گەڕەکانەی خستووەتەوە مەترسییەوە.

لە چەندین گەڕەکی تری ئەو شارەدا ئاو بۆ ماوەی زیاتر لە ٥ کاتژمێر پچڕاوە و ئاوی خواردنەوەیان نەبووە.

لە "سەقز" سەرەڕای بوونی دوو بەنداوی گەورە و چەندین سەرچاوەی ئاویی زۆر، ساڵانێکە خەڵکی ئەو شارە خەون بە ئاوی تەندروستەوە دەبینن.

هەروەها چەندین گەڕەکی "مەریوان" لە بوونی ئاو بێبەرین، یان تەوژمی ئاو بە ڕادەیەک دابەزیوە کە ئاوی نێو خانووەکان دابین ناکات.

ئەو گەڕەکانەی "مەریوان" کە کێشەی ئاویان هەیە بریتین لە: "کوورەی مووسەوی، داسێران یەک و دوو و سێ، تەپەی مووسک، شەهرەک زیبا، مووسک دوو و شەهرەک کەوسەر".

هەر لەو پەیوەندییەدا لە پارێزگای "خووزستان" ئاوی خواردنەوەی ماڵەکان لەگەڵ ئاوەڕۆدا تێکەڵاو بووە و خەڵکێکی زۆری لەو پارێزگایەدا تووشی نەخۆشیی هەناو کردووە.