کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاوی خواردنەوەی سنە پیسە و تەندروستیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە

11:55 - 26 رەزبەر 2720

کێشەی ئاوی پیس لە پارێزگای سنە بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی ئەو پارێزگایە و ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی پارێزگای سنە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارە و خەڵک ڕایانگەیاندووە: "کێشەی نەبوون و پیسیی ئاو لەو پارێزگایە، دەگەڕێتەوە سەر کەمتەرخەمیی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم لەو شارە و لەو بارودۆخە دژوارەی ئێستا که خەڵک لەگەڵی بەرەوڕوون و کۆرۆنا باڵی بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشاوە، خەڵک بە ناچاری خۆیان ئاو دەکڕن و ئەوەش هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر ژیانی خەڵک".

"بەهمەن مورادنیا" پارێزگاری سنە وتوویەتی: "داوا لە کاربەدەستانی شیرکەتی ئاو و فازڵاو دەکەین کە پێداچوونەوە بە کاروباری خۆیاندا بکەن. چارەسەرکردنی کێشەی ئاو لانیکەمی خزمەتێکە کە دەتوانن بە خەڵکی ئەو شارە بکەن".

ساڵی ڕابردوو بڕیار بووە کە ئاوی بەنداوی سنە بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی ئاوی ئەو شارە کە ئەویش جێبەجێ نەکراوە.

دانیشتووانی پارێزگای سنە باس لەوە دەکەن: "ئاوی خواردنەوە لە سنە بەرەو قەیرانێکی گەورە دەچێت و ئاوی خواردنەوەمان نییە، ئەگەریش ئاوی خواردنەوە دێت، بەهۆی پیسیی ئاوەکە ژیانی هاووڵاتییان لە مەترسیدایە".

کاربەدەستانی ڕێژیم چەندین جار سەردانی چەندین گەڕەکی ئەو شارەیان کردووە و بەڵێنییان داوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەداوە.