کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی هۆشداریی دووبارەی بە ڕێژیمی ئێران دا

11:43 - 20 رەشەمه 2719

پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران ئیزنی سەردانی چاوەدێرەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ٣ سایتی ڕانەگەیەندراوی نەدا، ئاژانس هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران داوە کە لەمپەر لەبەر ڕێی کارەکانیان دانەنێت.

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمە، "ڕافائێل گرۆسی"، سەرۆکی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە کۆبوونەوەی شۆرای بڕیاری ئاژانس لە ڤییەندا، بۆ دووەمین جار و بە شێوەی فەرمی داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد کە "بەخێرایی و هەمەلایەنە"، سەرەڕای وڵامدانەوە بە پرسیارەکانی ئاژانس، ئیزنی دەستپێڕاگەیشتنی خێرا بە شوێنە دیاریکراوەکان بدات.

هەواڵدەریی ئاڵمان ڕۆژی دووشەممە ١٩ی ڕەشەمە، لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ڤییەن نووسیویەتی کە دوایین ڕاپۆرتی چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی نیشانی داوە کە ڕێژیمی ئێران لە بەڵێنییەکانی لای داوە و چالاکییە ناوکییەکانی خۆی لە ٣ بنکەی ناوکی لەنێو ئەو وڵاتەدا لە چاوەدێرانی ئاژانس شاردووەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، "کازم غەریب ئابادی"، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، حەوتووی ڕابردوو لە کاردانەوە بەرانبەر بە ڕاپۆرتی نوێی ئاژانس ئیدعای کرد کە ئاژانس بەپێی "زانیاریگەلی ساختە"ی ئیسرائیل و گوشارەکانی ئامریکا، ڕاپۆرتەکانی خۆی ڕێک خستووە و هەروەها وتوویەتی کە ئاژانس بۆی نییە داوای پشکنینی ناوەندی ناوکیی ئێران بکات.

"گرۆسی" مانگی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران تەنانەت پێش لە ڕێککەوتننامەی ناوکی لە ساڵی ٢٠١٥دا لەگەڵ زلهێزەکان، وڵامدانەوە بە پرسیارەکانی ئاژانسی سەبارەت بە هەبوونی ٣ شوێن بۆ کەڵکوەرگرتن لە ماددە ناوکییەکانی خۆی پشتگوێ خستووە.