کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی وزەی ناوکی لە هەوڵدایە لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانی بەرجام گەڵاڵەی نوێ بێنێتە ئاراوە

12:56 - 4 خەرمانان 2721

هەواڵدەریی ''بلۆمبێرگ'' لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە هەوڵدایە لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانی بەرجام لە ڤییەن، بۆ چاوەدێری بە سەر بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەی نوێ دابڕێژێت.

لەو ڕاپۆرتەدا کە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەرمانان بڵاو بووەتەوە هاتووە کە بەرپرسانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە حاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێرانن کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە ڤییەن بخرێتە بەرباس.

ڕێژیمی ئێران مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بەپێی پەسەندکراوێک لە مەجلیسی ئەو ڕێژیمە، دەستپێڕاگەیشتنی چاوەدێرانی ئاژانسی ناوکی بۆ دامەرزاوە ناوکییەکانی خۆی سنووردار کرد و پرۆتۆکۆلی پێوەستکراوی ڕاگرت.

دواتر تاران  و ئاژانس لە سەر ئەوە ڕێککەوتن کە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس لە دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی سێ مانگ چالاکیی هەبێت، بەڵام دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان لە کاتێکدا دەبێت کە گەمارۆکانی ئامریکا دژی ئێران هەڵ بوەشێتەوە.