کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانس: پاشەکەوتی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەیشتووەتە ١٨ بەرابەری ئاستی دیارکراو لە بەرجام

12:09 - 10 جۆزەردان 2722

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی ڕۆژی دووشەممە ٩ی جۆزەردان، لە ڕاپۆرتی نوێی خویدا بۆ شورای حوکام ڕایگەیاند کە پاشەکەوتی ئورانیۆمی پێتێندراوی ئێران گەیشتووەتە ١٨ بەرابەری ئاستی دیارکراو لە بەرجام.

بەپێی هەڵسەنگاندنی ئاژانس، ڕێژەی پاشکەوتی ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە ١٥ی مەی ٢٠٢٢ـەوە گەیشتووەتە ٣ هەزار و ٨٠٩ کیلۆگرەم.

ئاژانس نێونەتەوەیی وزە وتوویەتی: ''ئەو بەرزبوونەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥، ئێران تەنیا دەتوانێت ٢٠٢ کیلۆگرەم ئورانیۆمی پیتێندراوی لەبەر دەستدا هەبێت".

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژەی پاشەکەوتی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدیی ئێران بە ٩.٩ کیلۆگرەم بەرزبوونەوە گەیشتووە ٤٣.١ کیلۆگرەم.

هەروەها ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا جەختی کردووەتەوە کە پرسیارەکانی پێشووی ئەو ئاژانسە لە ڕێژیمی ئێران لەبارەی سەرچاوەی وردەیلەکانی ئورانیۆم لە سێ بنکەی ناوکیی شاراوە لە "مەریوان، وەرامین و تورقوزئاباد" هەر وەکوو خۆی ماوەتەوە.

وڵاتانی ڕۆژاوایی نیگەرانی ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران بە نزیکبوونەوە لە ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی ٩٠ لەسەد، ئیمکانی دروستکردنی چەکی ناوکیی لەبەر دەستدا دەبێت، ئیرانیش هەر چەشنە هەوڵێکی لەوبارەوە ڕەت کردووەتەوە.

وتووێژەکانی ڤییەن بۆ ڕێککەوتنەوە لەسەر بەرجام بەهۆی پێشێلکارییەکان و چەندین مەرجی دیکەی ڕێژیمی ئێران بە ئاکام نەگەیشتووە و ئەو وتووێژانە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە ڕاگیراون.