کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕوو لە خەڵکی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە ولەو ئاگادارییەدا هاتووە کە خەڵک بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە دەڕوانێتە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
دەقی ئاگادارییەکە بەم چەشنەیە:
ئاگادارییەک لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بۆ ئاگاداریی خەڵکی کوردستان
ڕێژیم لە درێژەی مێلیتاریزەکردنی کوردستاندا، شەوی هەینی ڕێکەوتی ٨ی پوووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، تانکی هێناوەتە پایەگاکانی خۆڵ بەسەر ، چوارچرا و قووچی قەڵان کە دەکەونە سەر سنووری باشوور و ڕۆژهەڵات که ناوچە سنووریەکانی پیران و شنۆ دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان ئەو حەرەکەتەی ڕێژیم تا درەنگانێکی وەرزی پاییز درێژەی دەبێ، ڕێژیم هەروەها چەندین چەکی قورس و نیوە قورس لە پێش چاوی خەڵک ڕەوانەی خاڵە سنووریەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات .
ستراتێژیی ڕێکاری ڕێژیم بۆ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵگری شێواز و فۆڕمێکی نیزامی سەرکوتکەرانەیە کە کۆمەڵێک تاکتیک و مەبەستی جوراوجۆر بە خۆیەوە دەگرێ و لە دوو جۆر شەڕی سەخت و شەڕی نەرم پێکدێ ، هەر بۆیە جووڵاندنی هێزێکی تەیار بە چەکی قورس بۆ مێلیتاریزەکردنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی کوردستان جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی مەبەستی دیکەشی لە پشتە کە ئامانجیان شکاندنی باری ڕۆحی و دەروونی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.
هەروەها ماوەبەماوە هێنانی کۆمەڵێک چەکی قورس و جووڵاندنی هێز لە پێش چاوی خەڵک، بەشێکه لە مانۆڕی هێنانەخواری ورەی خەڵک و دروستکردنی شەڕی ڕەوانی، بەڵام هەر وەک دەبینن خەڵکی کوردستان بە پێشوازی و پاڵپشتی پێشمەرگەی کوردستان بە ئیرادەی پۆڵایینەوە دەڕوانێتە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان