کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکان لە کوردستان و ئێران درێژەی هەیە

12:48 - 31 پووشپەڕ 2720

لە ڕەوتی ئاگرتێبەردانی لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن دوژمنانی ژینگە و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، بە سەدان هێکتار لە ژینگەی "مەریوان"، "بۆکان" و "کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد" و شارەکانی دیکە ئاگریان تێبەردرا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە "مەریوان"، دارستانی گوندەکانی "بەرقڕوو، نژمار و ئەسپەرێز"، هەروەها شاخی کۆساڵان ئاگریان تێبەردرا و زیانێکی زۆر بەر ژینگەی ئەو ناوچانە گەیشتووە.

لە "مەریوان" لە سەرەتای هاتنی وەرزی گەرماوە هەتا ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕ، زیاتر لە ٧٠ حاڵەتی ئاگرتێبەردان ڕوویداوە.

هەروەها ڕۆژی ٣٠ی پووشپەڕ، دەوروبەری زانکۆی پەیامی نووری "بۆکان" ئاگری تێبەردرا و لە ئاکامی ئەو ئاگرتێبەردانەدا زیانێکی زۆر بەر ئەو ناوچەیە کەوتووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران ئاگری لە سامانی خەڵکی گوندی "کوهـ بەدر"ی پارێزگای کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد بەردا و خەڵکی ئەو گوندە بە سەرەتاییترین کەرەستەکان توانییان ئەو ئاگرە کۆنترۆڵ بکەن.

ساڵانە بە سەدان هێکتار لە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لەلایەن دەستوپێوەندییەکان و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ئاگری تێبەردەدرێت و ڕێژیم بە شێوەی سیستماتیک لە هەوڵدایە کە ژینگەی کوردستان بە یەکجاری لەنێو بەرێت.