کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستاندا کۆتایی پێ نایەت

12:39 - 1 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوامە و ڕۆژانە چەندین هێکتار لە دارستان، لێڕەوار و مەزرای خەڵکی کوردستان، بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنەوانە دەسووترێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ناوچەی جەهادی شاری سەڵماس، ١٢ هێکتار گەنم ئاگری تێبەردرا و سووتا.

بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، ٧٠ تۆن گەنم بە نرخی یەک میلیارد و ٢٢٥ ملیۆن ڕیاڵ، بوو بە قەقنەس.

ئەم ئاگرانە زۆرتر لە لایەن خەڵکەوە و بە یارمەتیی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئەم شارە، کۆنترۆڵ کراوە.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی گوماناوی، ٨٠ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی پارکی میللیی "تەندوورە" لە شاری "دەرەگەز"، سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، ئاگری تێبەردرابوو.

دوای تێپەڕینی سێ ڕۆژ لەم ڕووداوە، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئاوڕێکیان بەم دوخە نەدایەوە و لە ئاکامدا بە یارمەتیی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی ژینگەپارێزیی قوچان و دەرەگەز، ئەم ئاگرە کوژرایەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، زیاتر لە سەدان هێکتار لە لەوەڕگە، لێڕەوار، ژینگە و سروشتی کوردستان، بەدەستی مۆرەکانی ڕێژیم سووتاون و ئەو ئاگرانە لە ئێستاشدا بەردەوامە.