کوردستان میدیا: بە بۆنەی جێژنی نەورۆز بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ئاگری پیرۆزی نەورۆز هەڵدەکەن و هەیمەنەی ڕێژیم تێکدەشکنێن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لە سەرتاسەری شار و گوندەکانی کوردستان کە ئاگری نەورۆز کرایەوە، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بۆ هەڵکردنی ئاگری نەورۆز پێشەنگ بوون.
لە گوندی گەرگوول سەر بە نەغەدە، ئاگری پیرۆزی نەورۆز لە لایەن بنەماڵەی شەهید "ڕەحیم گەرگوولی" کرایەوە و بەشداربووانی ئەو ڕێوڕەسمە پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان نوێ کردەوە.
ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد، کوڕی ئەبووبەکر ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە گوندی گەرگوولی ناوچەی نەغەدە چاوی بەڕووی نیشتمانەکەیدا هەڵێنا.
لە دوای دەسپێکردنەوەی خەباتی نوێی حیزبی دێموکرات و حزووری پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات، شەهید رەحیم ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە نزیک گوندی قەبری حوسێنی ناوچەی پیرانشار لە تێکهەڵچوونێکی هێزی پێشمەرگە و سپای داگیرکەری دوژمندا بە توندی بریندار دەبێ و لە بەر سەختیی برینەکەی شەهید دەبێ و درێژەی خەبات و فیداکاری تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزبەکەی بە هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەسپێرێت.