کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان کەسێکی ئێرانیی بەهۆی هاوکاریی ناوکی و مووشەکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەسبەسەر کرد

17:40 - 15 پووشپەڕ 2722

ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆی ویلایەتی "هامبورگ" لە ڕاپۆرتی ٢٠٢١دا باسی لە دەسبەسەرکردنی کەسێکی بە ڕەگەز ئاڵمانی- ئێرانی کردووە و وتوویەتی کە کەرەستەی بۆ دامەزراوەی ناوکی و مووشەکیی ڕێژیمی ئێران ناردووە.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها باسی ئەوەش دەکات کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ئاڵمان کاری سیخوڕی دەکات.

ڕاپۆرتی ١٩٠ لاپەڕەیی ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی ویلایەتی "هامبورگ"، باسی چالاکیی تەواوی گرووپ و ڕەوتەکانی پێشێلکاری یاسای بنەڕەتیی "ئاڵمانـ"ـی کردووە.

لە بەشی ئێراندا ئاماژە بە دەسبەسەرکردنی کەسێک کراوە کە یاسای پێشێل کردووە و کەرەستەی نیزامیی  بۆ ئێران ناردووە کە بە کەڵکی دامەزراوەی ناوکی و بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران هاتوون.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە دادستانی فێدراڵی "ئاڵمان"، ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٠، بە حوکمی دادوەر و لیکۆڵینەوەی دیوانی باڵای فێدراڵ، کەسێک بە ناوی "ئەلێکساندر جێی" دەسبەسەر کردووە و شوێنی نیشتەجێبوون و و نووسینگەی ئەو کەسەشیان پشکنیوە.  

ئەو ڕاپۆرتە نووسیویەتی: "قەبارەی داواکارییەکانی ئێران کە لەو کەسەی وەرگرتووە نزیک بە ١.١ ملیۆن یۆرۆ بووە و ئەو قەبارەیە بۆ داخستنی سامانەکانی تەواو بووە".

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا باسی کاری سیخوڕیی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان کراوە.

دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ئاڵمان سیخوڕییان بەسەر گرووپەکانی ئوپۆزسیۆنی دژبەری ئەو ڕێژیمە و کەسانی دیاریکراو لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا کردووە.