کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ئێران بەشێوەی سیستماتیک ڕێککەوتنی ناوکیی پێشێل دەکات

12:31 - 4 سەرماوەز 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا لە پێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی بەرجام، پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران و داهاتووی بەرجام کۆبوونەوە.

''هایکۆ ماس'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان وتوویەتی: " ئێمە وێڕای هاوپەیمانەکانمان، داوا لە ئێران دەکەین سەرپێچییەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی ڕابگرێت و بەڵێنییەکان بە تەواوی بەڕێوە ببات''.

هەرورها ناوبراو باسی لەوە کردووە ڕێژیمی ئێران بەشێوەی سیستماتیک ڕێککەوتنی ناوکیی پێشێل دەکات.

ئەم دانیشتە دوای چەند ڕۆژ لە نیگەرانیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی بەنیسبەت هەوڵەکانی ئەم دوایانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بابەت لێدانی گاز لە سانتریفیوژەکان بەڕێوە چووە.

سێ وڵاتی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا کە ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجامن، ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر، لە بەیانییەیەکی هاوبەش سەرەڕای ئەوەیکە هەوڵەکانی ئەم دوایانەی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت چالاکییە ناوکییەکانی، نیگەرانییەکی قووڵیان دەربڕیبوو، داوایان لەو ڕێژیمە کردبوو کە بە بەڵێنییەکانی بەرجام پێبەند بێت.

لەو پێوەندییەدا، ''سەعید خەتیب زادە'' وتەبێژی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕێکەوتی ٣٠ خەزەڵوەر لە کاردانەوە بەو نیگەرانییە وتبووی، چاوەڕوانی ئەوەین کە ئەم وڵاتانە بگەڕینەوە بۆ سەر بەرجام و بەڵێنییەکان بەڕێوە ببەن.

ساڵی ٢٠١٨، ئامریکا بۆ پێشگرتن لە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران، گەمارۆی قورسی خستە سەر ئێران، لەبەرامبەردا ڕێژیمی ئێران دوای هاتنەدەری ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام بەرەبەرە خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنەی پێشێل کرد.