کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ لەسەر دابەشکردنی خۆراک تێکهەڵچوون لە نێوان پەنابەرەکاندا دروست بوو

21:05 - 24 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: سەدان پەنابەر لە کەمپێکی پەنابەران لە ئاڵماندا، لەسەر دابەشکردنی خۆراک کێشەیان لە نێواندا هاتە ئاراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێشپیگێلی ئاڵمان، لە کەمپێکی پەنابەریدا لە شاری مس اشتتن لە ئەیالەتی بادن _ وورتمبرگ لە باشووری ئاڵمان، لە کاتی بڵاوکردنەوەی خۆراکدا، لە نێوان پەنابەرەکاندا کێشە و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

وتەبێژێکی پۆلیسی ئەو وڵاتە لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە پەنابەرەکان بە دار و بەرد هێرشیان کردووەتە سەر یەک و لانیکەم کەسێک بە هۆی ئەو ڕووداوەوە بریندار بووە.

هۆکاری سەرەکیی ئەو تێکهەڵچوونە ناڕوونە، بەڵام کێشە و تێکهەڵچوونەکان لەو ناوچەیەی وڵاتی ئاڵماندا لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەردەام هەبووە و تەنانەت لە مانگی ئۆکتۆبر و سێپتامبری ڕابردووشدا، لە دەرئەنجامی کێشەیەکدا پەنابەرەکان بە ئاسن هێرشیان کردبووە سەر یەکتر.

پیتێر ئاڵتایمێر بەرپرسی هاوئاهەنگیی نێوان کاروباری پەنابەران لە دەفتەری ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان، بە میدیاکانی ڕاگەیاندبوو کە ڕەوتی دەرکردنی پەنابەرانی نایاسایی درێژەی دەبێت و بە شێوەیەکی جیدی بەدواداچوون بۆ ئەو پرۆسەیە دەکەین.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند، یەکێک لە تەوەرە گرینگەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەل قەیرانی پەنابەران، وتووێژ وهاوکاریی زیاتر لەگەل تورکیەیە، چوونکە پەنابەران لەو وڵاتەوە دێنە ئورووپا.