کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵووێرە بازرگانییەکانی تاران و سوئیس بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

18:36 - 19 خاکەلێوه 2720

سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و سوئیس ڕایگەیاندووە، شیرکەتە سوئیسییەکان جگە لە دەرمان و دانەوێڵە هیچ شتێکی دیکە بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشن.

"شەریف نیزام مافی"، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ئێران و سوئیس وتوویەتی، کاناڵی ماڵیی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەستبەکار بووە، بەڵام ئاڵووێرە بازرگانییەکان لە نێوان دوو وڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، سوئیس جگە لە دانەوێڵە و دەرمان هیچ شتێکی دیکە بۆ ئێران نانێرێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، دەوڵەتی سوئیس، ئەو شیرکەتانەی کە لەگەڵ ئێراندا مامەڵە دەکەن بیمە کردووەتەوە تا وەکوو مەترسییەکی کەمتر بکەوێتە سەر هەناردەکەرانی کەلوپەل بۆ ئێران.

ئەو کاناڵە ماڵییە بۆ هەناردەکردنی خواردەمەنی و دەرمان بۆ ئێران بە هاوکاریی سوئیس و ئامریکا لە ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ی هەتاوییەوە دامەزرا.

"شەریف نیزام مافی" هەروەها وتوویەتی، پێشکەوتن لەو بوارەدا گرێدراوە بە ڕێژەی دراوێک کە دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بەرنامەیە و ئەوەش پێویستیی بە هاوکاریی بانکی ناوەندییەوە هەیە کە تا چ ئاستێک بیهەوێت لەو کارەدا سەرمایە دابنێت تا شیرکەتەکان بتوانن ئاڵووێرەکانیان ئەنجام بدەن.