کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازرگانانی ئێرانی پاسپۆرتی ئەفغانی و عێراقی بەکار دەهێنن

18:20 - 11 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بازرگانان لە ئێراندا بۆ دەوردانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و بەربەستەکانی ئامریکا لەبارەی قەدەغەکردنی ویزا کەڵک له پاسپۆرتی ئەفغانی و عێراقی وەردەگرن.

کاناڵی هەواڵی "فاکس نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، به هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا دزەی زۆری هەیە و دەستێوەردان دەکات و هەروەها بەرپرسانی عێراقی لەژێر ڕکێفی ڕێژیمی ئێراندان،  بازرگانانی ئێرانی بە مەبەستی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و هەڵگرتنی بەربەستەکانی ئامریکا لەبارەی قەدەغەکردنی ویزا، کەڵک له پاسپۆرتی عێراقی وەردەگرن.

بەرپرسانی عێراقی دانی پاسپۆرتیان بە بازرگانانی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە و وتوویانە ئێمە بە شێوەی یاسایی پاسپۆرت بە هاووڵاتییان دەدەین.

هاوکات یەکێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی ئەفغانستان باسی لەوە کردووە کە ئێرانییەکان لە ویلایەتی هەراتی ئەو وڵاتەدا، بە بڕی ٥ هەتا ١٠ هەزار دۆلار کارتی پێناس دەکڕنەوە هەتا بتوانن پاسپۆرتی پێ وەربگرن.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و کاراکردنەوەی دووبارەی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران، زۆربەی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵوەشاندۆتەوە.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی كشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، نرخی دۆلار و ئەرزەکانی دیکە وێڕای نرخی سکە و زێڕ کە ڕووی لە هەڵکشان کرد، بازاڕەکانی ئێرانیان تووشی دۆخێکی نائاسایی کردەوە، بەشێک لە کارناسان لەوبارەیەوە دەڵێن هەتا ماوەیەکی دیکە و لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە پارەی ئێران هاوشێوەی مەرگی بەرجام، مەرگ تاقی دەکاتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینییەوە کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، ژمارەیەکی زۆر لەو کەس، شیرکەت و دامەزراوەگەلەی کە هەوڵی یارمەتیدان بە رێژیمی ئێران و دەورلێدانەوەی گەمارۆکانیان داوە لەلایەن ئامریکاوە دەسنیشان و سزا دراون.