کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران بڕیاڕێکی نوێی دەرکرد

13:29 - 11 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ، ڕێوشوێنی نازانستنی دەگرنە بەر و جێگیری دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڕیارێكی داوە کە بازرگانان بە دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی شتومەک هاوردە بکەن و ناوی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی لە لیستەیەکدا بڵاو کردووەتەوە، کە دەبێ بە پارەی دیاریکراوی بانکی ناوەندی کەلوپەل هاوردە بکەن.

لەو لیستەدا ناوی ئەم کۆمپانیانە بڵاو بووەتەوە، کە بانکی ناوەندیی ڕێژیم، دراوی یورۆی پێ داون.

ناوی هەندێک کۆمپانیای کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش، کە بانکی ناوەندیی ڕێژیم پارەی پێ داون، هەتا کاری بازرگانی بکەن، لەو لیستەدا تۆمار کراوە.

بۆ نموونە کۆمپانیای ئاروین گوستەری بازاڕێ ورمێ (٤ هەزار و ٩٦ یورۆ)، کۆمپانیای بووستان سەرای داڵاهوو، (٣ میلیۆن و ١٥٢ هەزار و ٨٠٦ یورۆ)، کۆمپانیای تەوسعەی تجارەتی سامیاری کوردستان، (٤ میلیۆن و ٩٥٠ هەزار یورۆ) و شیرکەتی لاستیکی بارێزی کوردستان، (١ میلیۆن و ٩٩٥ هەزار و ٤٣٧ هەزار یورۆ)یان پێ دراوە.

هەروەها کۆمپانیاکانی دیکەی کوردستانیش هەر بەم چەشنە لەو لیستەیەدا هاتوونە.

خاڵی جێگای سەرنج لەو لیستەدا ئەوەیە، کە کۆمپانیاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بەراورد لەگەڵ کۆمپانیاکانی ناوەندی ئێران پارەیەکی کەمتریان بۆ تەرخان کراوە.

هاوکات بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش باس لە یەکنرخی کردنی دراو دەکەن، بەڵام لە بازاڕی شڵەژاوی ئێراندا ئەو کارە جێبەجێ نابێت.