کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر دارایی خەڵکدا گرتووە

18:51 - 11 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بانکەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز دەستیان بە سەر پارەی مشتەریەکانیاندا گرتووە و بە بلۆکەکردنی حیسابەکان ڕێگا نادەن چیدی خەڵک دەستیان بە پارەی خۆیان ڕابگات.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بانکی میللەتی سەقز پارەی زیاتر لە سەد کەس و بانکی سادراتی سەقزیش پارەی زیاتر لە پەنجا کەس لە مشتەرییەکانی خۆیانیان زەوت کردووە و ئیزن بە خاوەنی حیسابە جارییەکان نادەن پارەکانیان لە بانک دەربێنن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١١ی ڕێبەندان،  زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە دۆخی سامان و داراییە نەختینەییەکانی خۆیان ئاگادار بوون ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بەم کردەوەی بەرپرسانی بانکەکان دەربڕیوە.

بەرپرسی بانکەکان لە وڵامی ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکدا رایانگەیاندووە که ئەوان ناتوانن هیچ کارێکیان بۆ بکەن و لە بانکی ناوەندیی سنەوە ئەو حیسابانە بلۆکە کراون .

 جێگەی ئاماژەیە هێشتا هیچ زانیاری و ئامارێک لە کەم و زۆریی ڕێژەی خاوەنی حیسابەکان لە بەر دەستدا نییە بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی کە پارەکانیان لە لایەن ڕێژیمەوە زەوت کراوە کەسانی ئاسایین و لە ڕێژەی ١٠  تا ١٠٠ میلیۆن پاشەکەوتیان لە بانکەکاندا ماوەتەوە کە لە لایەن ڕێژیمەوە بە بیانووی نادیار دەستی بە سەردا گیراوە.

 لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕینی خاوەن پارەکاندا لە لایەن بەرپرسانی بانکەوە وەک تەنیا ڕێگاچارە پێیان وتراوە کە خۆیان (خاوەن حیساب) دەبێت بە شێوەی حوزووری بچنە شاری سنە و پێوەندی بە بەرپرسانی بانکی ناوەندی لە شاری سنە بگرن .