سزای سێدارەی "ئارمان مەعریفەتی"، هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی سەقز و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە پەسەند کرا و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی لەسەرە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە کە ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگیراوە، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئارمان مەعریفەتی پێشتر لەلایەن لقی ١٥ی بەناو دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی "ئەبولقاسم سەڵەواتی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
لە ڕەوتی دانیشتنی دادگاییکردنەکەدا لە ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، سەرەڕای ئەوەی نوێنەری داواکاری گشتی تەنیا تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا" خستبووە پاڵ ناوبراو، بەڵام سەڵەواتی لە هەنگاوێکی نایاساییدا ناونیشانی تۆمەتەکەی قورستر کردەوە و گۆڕیی بۆ "بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی کردەیی دژ بە ئەمنییەتی وڵات و تێکدان و سووتاندنی شوێنە ئایینییەکان" و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری سێدارەی بۆ دەرکرد.
ئارمان مەعریفەتی لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی قوروە بە ناوەکانی "مێهرداد محەممەدینیا" و "ئەشکان مالکی" دادگایی کرابوو.
سزای سێدارەی ئەو دوو بەندکراوە پێشتر لە جۆزەردانی ئەمساڵدا لەلایەن ڕێژیمەوە جێبەجێ کرا و ئارمانیش هەر لەو مانگەدا لە بەندیخانەی تارانی گەورەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحسار گواسترایەوە.
ئارمان مەعریفەتی کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی لە مەیدانی میوە و سەوزەی تاران کرێکاریی دەکرد، باوکی دوو منداڵی ساوایە. ناوبراو چەند ساڵ پێش ئێستا باوک، دایک و خوشکەکەی بەهۆی ڕووداوی گازگرتووییەوە لە سەقز لەدەست داوە و هیچکام لە کەسوکارە پلە یەکەکانی لە ژیاندا نەماون.