دەوڵەتی عێراق لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، دەروازەی سنووریی "سوومار"ی بە ڕووی ئێراندا داخست و هیچ کاتێکیشی بۆ کردنەوەی دیاری نەکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەر، عێراق دەروازەی سنووریی سووماری داخستووە. پێشتریش ڕێکخراوی ڕێگاوبان و گواستنەوەی ڕێژیم لە نووسراوێکدا بە پشتبەستن بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوە و ئاگادارکردنەوەی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا، بڕیاری داخرانی ئەو دەروازەیەی پشتڕاست کردبووەوە.
ئەم هەنگاوەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلجەزیرە" ئاشکرای کردبوو کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی واشنگتۆن بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران، داوای لە عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات، جگە لە دوو دەروازە کە یەکێکیان لە هەرێمی کوردستانە.
داخرانی دەروازەی سنووریی سوومار لەکاتێکدایە کە پێشتریش عێراق سنووری "چەزابە"ی بۆ ماوەی سێ حەفتە داخستبوو.
هاوکات ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاوی کردبووەوە کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی بازرگانیی وشکانیی ڕێژیمی ئێران، ناڕەزایەتیی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت عێراق، تورکیە و پاکستانی لێ کەوتووەتەوە، بەڵام واشنگتۆن سوورە لەسەر وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران.
جێگای ئاماژەیە کە دەروازەی سنووریی سوومار لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکەوێتە سنووری شارەکانی گێەڵان و قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان و لە دیوی باشووری کوردستانیشەوە لە سنووری شارەکانی مەندەلی و خانەقین لە پارێزگای دیالە هەڵکەوتووە.