کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی نوێی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی؛ ڕێژیمی ئێران گومانی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی لەسەرە

11:45 - 22 خەزەڵوەر 2726

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە نوێترین ڕاپۆرتی نهێنیی وەرزی خۆیدا هۆشداریی دا کە بەهۆی نەبوونی زانیاری لەسەر پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆماری ئیسلامی و دەستڕانەگەیشتن بە ژێرخانە ئەتۆمییەکان، "ناتوانێت دڵنیایی بدات کە ماددە ئەتۆمییەکانیی ئێران لە ئامانجی ئاشتیانە لانەدراون و بۆ مەبەستی سەربازی بەکار نایەن".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" کە ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەر بڵاو کرایەوە، ئاژانس ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆخە نیگەرانیی جیددیی لێ کەوتووەتەوە سەبارەت بە مەترسیی بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئاژانس، بەدەر لە وێستگەی ئەتۆمیی بووشێهر، هیچ زانیارییەکی لە کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دۆخی ژێرخان و ماددە ئەتۆمییەکان پێ نەگەیشتووە و هیچ دەستڕاگەیشتنێکی بەو ناوچە و ژێرخانانەش نەبووە.

هەروەها ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییە جەختی کردووەتەوە کە نیگەرانییەکانی لەمەڕ خۆدزینەوەی کۆماری ئیسلامی لە پێشکەشکردنی زانیارییە تەکنیکییەکان و ڕێگەپێنەدان بە پشکنینی ژێرخانی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئیسفەهان کە لە جۆزەردان و پووشپەڕی ۱۴۰۴ ناسێنرابوو، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە.