ماڵپەڕی ئیسرائیلیی "واینێت" لە یادداشتێکی شیکاریدا بڵاوی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دانوستانەکان لەگەڵ واشنگتۆن نەک وەک ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ کات کڕین و دواخستنی بڕیارە سەربازییەکانی ئەمریکا بەکار دەهێنێت.
بەپێی ئەو شیکارییە کە لەلایەن فەرماندەی پێشووی تیمی دانوستانکاری ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیلەوە نووسراوە، ئامانجێکی دیکەی تاران لە درێژەدان بە پرۆسەی گفتوگۆکان، زیادکردنی گوشارە سیاسییەکانە لە نێوخۆی ئەمریکادا.
لە یادداشتەکەدا ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەندیی ئەمریکا و ڕۆڵی نێوەندگیریی قەتەر کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ناکۆکییە بنەڕەتییەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کاتێکدا واشنگتۆن داوای پێشکەوتن لە دۆسییەی ئەتۆمی و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز دەکات، کۆماری ئیسلامی بەردەوامبوونی دانوستانەکانی بەستووەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکەی.
نووسەری بابەتەکە پێی وایە تاران ئەم ناکۆکییانە دەکاتە بیانوویەک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دانوستانەکان.
ئەم بەرپرسەی پێشووی ئەرتەشی ئیسرائیل جیاوازیی داناوە لە نێوان دانوستانێک کە ئامانجی گەیشتن بێت بە ڕێککەوتن، لەگەڵ دانوستانێک کە خودی پرۆسەی گفتوگۆکە سوودی بۆ یەکێک لە لایەنەکان هەبێت.
ناوبراو ڕوونی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە یەک کاتدا هەم بەدوای سوودوەرگرتنە لە درێژکێشانی گفتوگۆکان و هەم دەیەوێت ئێمتیاز بەدەست بهێنێت؛ هەر بۆیە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا تاران و واشنگتۆن بە ئامانجێکی هاوبەشەوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن یان دوو پێوەری تەواو جیاوازیان بۆ سەرکەوتن هەیە.