کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ‌ستریت ژۆرناڵ: هەکێرەکانی ئێران هێرشە سایبێرییەکانیان بۆ سەر ژێرخانەکان پەرە پێ داوە

11:29 - 22 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییدا پەردەی لەسەر گۆڕانی شێوازی کارکردنی هەکێرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لادا و ڕایگەیاند، گرووپە سایبێرییەکانی تاران هێرشەکانیان بۆ سەر ژێرخانە هەستیار و کەرەستە پەیوەستبووەکان بە ئینتێرنێتەوە چڕتر کردووەتەوە؛ هێرشگەلێک کە لەجیاتی مانەوە لە بوارە دیجیتاڵییەکاندا، زیان و پەککەوتنی ڕاستەوخۆ لە جیهانی ڕاستیدا دروست دەکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەکێرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران وەک گومانلێکراوی سەرەکیی سێ هێرشی سایبێریی تێکدەر لە هاوینی ئەمساڵەوە دەستنیشان کراون کە دامەزراوەکانی ئاو لە ئەمریکا، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر و سەدان ساردکەرەوەی فرۆشگاکانی ئورووپایان کردووەتە ئامانج.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە یەکێک لە هێرشەکاندا کارمەندانی دامەزراوەکانی دابینکردنی ئاو لە شارە بچووکەکانی ناوچەی ڕۆژاوای نێوەڕاستی ئەمریکا دەسەڵاتیان بەسەر پانێڵەکانی کۆنتڕۆڵدا لەدەست داوە.

لە ڕووداوێکی دیکەشدا، تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە بەرەو تێگزاس دەچوون، لە کاتی چوونە نێو زەریای ئەتڵەسدا هەک کراون.

هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا، پلەی گەرمیی سەدان ساردکەرەوە لە فرۆشگاکانی خۆراک لە ئورووپا بۆ نزیکەی ٤٩ پلەی سەدی بەرز کراوەتەوە.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، دەزگا دادوەرییەکانی فەرانسە هێرشە سایبێرییەکەی مانگی ڕەزبەر سەر سیستمەکانی ساردکەرەوەی سەدان فرۆشگای ئەو وڵاتەیان خستووەتە ئەستۆی سپای پاسداران و بەپێی زانیارییەکان، فەرمانی دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتی بۆ سێ کەسی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دۆسییەیەدا دەرچووە.

هاوکات، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فێدراڵیی ئەمریکا (FBI) سەبارەت بە مەترسیی هێرشە سایبێرییەکان بۆ سەر سیستمە ساردکەرەوە پیشەسازییەکان هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ئەم جۆرە تێکدەرییانە دەتوانن هەڵگرتنی خۆراک، دەرمان و پاشەکەوتی خوێن بخەنە مەترسییەوە.