لە ئاکامی شەڕخوازی و قەیرانە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، پێنج ئاسەواری مێژوویی کرماشان زیانیان بەرکەوتووە و ئێستا ڕێژیم لە درێژەی سیاسەتی پشتگوێخستنی کوردستاندا، خۆی لە نۆژەنکردنەوەیان دەدزێتەوە و بودجەیان بۆ تەرخان ناکات.
سەرپەرستی ئیدارەی میراتی کولتووریی ڕێژیم لە پارێزگای کرماشان دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی شەپۆلی هێرشەکانی شەڕی ئەم دواییەوە، هەریەک لە "خوێندنگەی کەزازی"، "مزگەوتی ئەبووتوراب ئالی ئاغا"، "تەکیەی بیگلەربەگی"، "ماڵی سووری" و "ماڵی ئەشرەفی ئێسفەهانی" زیانی بەرچاویان بەرکەوتووە.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، لەو پێنج شوێنەوارە مێژووییە، تەنیا "تەکیەی بیگلەربەگی" خاوەندارێتییەکەی هی میراتی کولتوورییە و سەرەڕای مەزەندەکردنی سێ میلیارد تمەن بۆ چاککردنەوەی دەرگا و پەنجەرە شووشەڕەنگین و سەقفە تێکچووەکانی، تا ئێستا هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە و بە داخراوی ماوەتەوە.
وەزارەتی میراتی کولتووریی ڕێژیم بە بیانووی ئەوەی کە چوار بیناکەی دیکە لە دەستی دامەزراوەی دیکە یان کەرتی تایبەتدان، ئامادە نییە هیچ بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەیان دابین بکات و چارەنووسیانی بە نادیاری هێشتووەتەوە.
جێگیرکردنی ناوەندە سەربازییەکان و مووشەکخانەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە نزیک شار و ناوچە مێژووییەکان، هۆکاری سەرەکیی بەئامانجگیران و زیانبەرکەوتنی ئەم شوێنەوارانەیە.
ڕێژیمی ئێران نەک هەر ئاسەوارە دێرینەکانی کرماشان وەک قەڵغانی مرۆیی و سەربازی بەکار دەهێنێت، بەڵکوو دوای تێکچوونیشیان هیچ ئاوڕێکیان لێ ناداتەوە و ڕێگە بۆ لەنێوچوونی یەکجارەکیی مێژووی کوردستان خۆش دەکات.