کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکەکانی ئیتالیا حسێبی بانکیی ئێرانییەکان دادەخەن

12:00 - 26 رێبەندان 2719

بەشێک لە بانکەکانی ئیتالیا بە پشتبەستن بە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، حسێبی بانکیی ئێرانییەکانیان داخستووە و ئاڵووێرە ماڵییەکانیان بەرتەسک کردووەتەوە.

دوو بانکی ئیتالیایی، "ئا.ئێن.جی. دایرێکت بانک" و" ئینتێسا سان پائۆلۆ"، ئاڵووێرە ماڵییەکانی ئەو ئێرانییانەی کە حسێبی بانکییان لە بانکەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە چ خوێندکار و چ دانیشتوو، بەرتەسک کردووەتەوە یان حسێبەکانیان داخستوون.

هەروەها ئەو بانکانە داوایان کردووە کە ئەو کەسانە دەبێ سەرچاوەی داهاتەکەیان ڕوون بکەنەوە.

لەحاڵێکدا کە پێشتریش بانکەکانی فەرانسە و ئیسپانیا حسێبی خوێندکارە ئێرانییەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتانەیان داخستبوو، ئەم دوو بانکەی ئیتالیا حسێبی ئێرانییە دانیشتووەکانی وڵاتەکەشی داخستووە.

ماڵپەڕی "نیووز وان" لە زاری "یورۆ نیووز"ەوە نووسیویەتی ئەو بانکانە، داوایان لە خاوەن حسێبە ئیرانییەکانی خۆیان کردووە کە بەڵگەی پێویست، بۆ سەلماندنی پیشە و سەرچاوەی داهاتی خۆیان بە بانکەکان بکەن.

بانکەکانی ئیتالیا، بەهۆی گەمارۆوە بانکییەکانی ئامریکا هەر کەسێک کە لە وڵاتەکەیاندا ناسنامەی ئێرانیی بێت حسێبەکەی بلووکە دەکەن بۆ ئەوەی کە پێش بە سپی کردنەوەی پارە و ئاڵووێری پارە بۆ ئێران بگرن و تووشی غەرامە لەلایەن ئامریکاوە نەبن.