کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشتی بەرینی هاووڵاتییانی گوندی "نێ" بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەریوان

10:00 - 12 بەفرانبار 2721

لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە مەریوان دەستی کردووە بە بانگهێشتکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی گوندی "نێ" و گوشاریان بۆ سەر خەڵک هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەڵێننامەیان لە هاووڵاتییانی بانگهێشتکراو وەرگرتووە کە چیدیکە لە هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک کە لە گوندی "نێ" بەڕێوە دەچێت بەشداری نەکەن و هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە ئەگەری پێبەندنەبوون بە بەڵێنییەکانیان دەسبەسەر و زیندانی دەکرێن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە باسی لەوە کردووە کە ئەو هاووڵاتییانەی بانگهێشت کراون لە بنەماڵەکانی درەخشانی، نیکپەی و پەروازەن. هەروەها تەواوی بانگهێشتکراوان پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کراون.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتیی گوندی "نێـ"ـی مەریوان بەهۆی بەشداریکردنیان و هەروەها بەڕێوبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و هەندێک ڕێوڕەسمی تایبەتی دیکە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بانگهێشت کراون.

بە دەستێوەردانی هێزە نیزامی و بەناو ئەمنییەتییەکان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی "نێ" لەگەڵ توندوتیژی و دەرگیری بەرەڕوو بووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کردووە کە کۆمەڵێک جاش و بەکرێگیراوی ڕێژیمی ئێران دەستیان لە بانگهێشتکردن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵکی نێدا هەیە.

شوناسی ئەو جاش و بەکرێگیراوانە لەلای "کوردستان میدیا" پارێزراوە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونیان شوناسیان لەقاو دەدرێت.