کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشتی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتیی و قەزاییەکانی رێژیمەوە

18:31 - 26 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: لە درێژەی رەوتی بانگهێشت کردنی چالاکانی سیاسیی کورد و ئایینیی سوننە مەزهەب، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، موسلێم ئیبراهیمی، چالاکی ئایینیی کوردی خەڵکی سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لێپێچینەوەی لێ کراوە.

ئەم چالاکە مەزهەبییە، سەبارەت بە شێوەی چالاکی کردن و ئەندامیەتی لە مەکتەبی قورئاندا، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، موختار زارعی، چالاکی سیاسیی کورد بۆ چەندەمین جار لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە مەبەستی دادگایی کردن بانگهێشت کراوە.

موحاکمەی موختار زارعی چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوەدەچێت.

موختار زارعی چالاکی سیاسیی کورد، کۆتایی مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوو لە سەر بڕیاری دادستان لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

تۆمەتی ئەو هاووڵاتییە کوردە بڵاوکردنەوەی نووسراوە لە فەیسبووکی شەخسییدا راگەیەندرابوو.

موختار زارعی، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە شێوەیەکی فەرمی و بە نووسراوە بۆ لقی ١ی دادگای ئینقلابی رێژیم لە سنە بانگهێشت کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پێشتریش بە تۆمەتی تەبلیغ بەدژی نیزام لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە حوکمی ١ سال زیندانیی تەعزیریی هەڵپەسێراو بۆ ماوەی ٥ ساڵی بۆ بڕابوویەوە.

موختار زارعی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە کە یەکێک لە ئەندامانی یەکیەتیی دێمۆکراتیکی خوێندکارانی کوردیش بوو، لە زستانی ساڵی ٨٨ی هەتاویدا و لە کاتی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهیدا، دەستبەسەر و پاش تێپەڕ بوونی ٨٠ رۆژ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.