کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێبەشکردنی موجاهد کوورکوور لە مافی پەیوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی

12:15 - 11 پووشپەڕ 2724

نیگار کوورکوور خوشکی عەباس کوورکوور کە بە "موجاهد کوورکوور" ناسراوە، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە کە : "لە چەند مانگی ڕابردوودا بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی زیندانی شەیبانیان کردووە بۆ ئەوەی کە چاویان بە براکەی بکەوێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان ڕێگەیان نەداوە یەکتر ببینن."

هەروەها ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەکەی بۆ بەدواداچوون چوونەتە لای دادستانی گشتیی ئیزە بەڵام دادستانی گشتی بە باوکی وتووە کە کوڕەکەت مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیکردنی نییە و لەم مافە بێبەش کراوە.

خوشکی ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئیستا چەند حەفتەیە ئێمە هیچ هەواڵێکمان لە براکەمان نییە و لە دۆخی بێ ئاگاین.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، موجاهد کوورکووری بە تەقەکردن لە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە ئیزە و کوشتنی حەوت هاووڵاتی كه‌ لە نێویاندا کیان پیرفەلەکیش هه‌بوو تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەم زیندانییە سیاسییە ئەو تۆمەتەی ڕەت کردووەتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ کوشتنی کیان پیرفەلەک، مەیسەم پیرفەلەک باوکی کیان کە خۆیشی لەو کاتەدا بە سەختی بریندار کرابوو و تا ئێستا چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت، پێشتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کرد کە ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان کە هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە ئێمە و کیان کرد.

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ڕایگەیاندووە هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ لە ئیزە تەقەیان لە هاووڵاتییان کردووە و موجاهد بێتاوانە.

موجاهد کوورکوور لە کاتی هێرشی هێزەکانی حکوومەت بۆ سەر گوندی پەرسوراخ لە ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠١ دەسبەسەر کرا و لەم هێرشەدا چەندین هاووڵاتیی ناڕازیش کوژران.

هەروەها دادگای باڵای ڕێژیمی ئێران حوکمی ئێعدامی موجاهد کوورکووری لە بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢دا پشتڕاست کردەوە و دۆسییەکەی ڕەوانەی لقی جێبەجێکاری دادگای ئیزە کرد.