کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل ١٨ سەربازی ئەم وڵاتە بریندار بوون

12:35 - 11 پووشپەڕ 2724

شەوی یەکشەممە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرشی دڕۆنیی حیزبوڵڵای لوبناندا، ١٨ سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون.

شەوی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ، هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، جارێکی دیکە بە دڕۆن هێرشیان کردە سەر باکووری ئیسرائیل. بەپێی ئاماری ئەرتەشی ئیسرائیل، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ١٨ سەربازی ئیسرائیلی بریندار بوون و یەکێکیان بە برینی سەخت گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پێگەکانی حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان.

ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە، شوێنی هەڵدانی مووشەکیان کە لەوێوە موشەکێک بەرەو بەرزاییەکانی گۆلان ئاراستە کراوە، بوردمان کردووە هەروەها تۆپخانەکانی ئیسرائیل چند پێگەی هەڕەشەئامێزیان لە چەند ناوچەیەک لە باشووری لوبنان لەنێو بردووە.

لە سەرەتای شەڕی غەززە لە دوای هێرشی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل لە سنوورەکانی ئەم دوو وڵاتە بەردەوام تێکهەڵچوونیان کردووە.

حیزبوڵڵا وتوویەتی، بۆ ئەوەی ئەم گرووپە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت، پێویستە ئیسرائیل بەتەواوی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت. لەم دواییانەدا چڕی ئەو ململانێیانە زیادی کردووە و نیگەرانیی نێودەوڵەتیی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی شەڕ بۆ لوبنان دروست کردووە.

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، وڵاتانی وەک کانادا، هۆڵەند و ئاڵمان داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە کە لە زووترین کاتدا لوبنان بەجێ بهێڵن.