ڕۆژی چوارشەممە ۱۹ی خەزەڵوەری ۱۴۰۰ی هەتاوی، کاک ''محەممەد گوڵچین (چوپانی)'' باوکی شەهید ''مودیر''، خەڵکی گوندی ''کۆزەڕەشـ''ـی سەر بە شاری سەڵماس، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک ''محەممەد'' پاش ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، خۆی و کوڕەکەی پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتەوە بوون و چەکی پێشمەرگایەتییان لە شان کرد.
ناوبراو وێڕای کوڕەکەی لە ساڵی ۱۳۶۲ی هەتاوی لە شەڕێکی قورس لەگەڵ هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم، لەنێوان گوندەکانی ''کۆزەڕەش و حاجی جەفانـ''ـدا بریندار بوو و ''مودیر''ی کوڕیشی کە کادری کۆمیتەی سەڵماس بوو، بە برینداری کەوتە دەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.
هێزە دژەگەلییەکانی ڕێژیمی ئێران پاش سووکایەتییەکی زۆر بە شەهید ''مودیر'' لەبەر چاوی خەڵکی ئاوایی کۆزە ڕەش پێیان دەوت: "ئەگەر دژی قاسملوو دروشم بدەیت ئەوە ناتکوژین"، بەڵام شەهید ''مودیر''ی قارەمان نەک ئامادە نەبوو داواکەی دوژمن جێبەجێ بکات، بەڵکوو لە حاڵێکدا کە بەهۆی برینە قورسەکانیەوە دەیناڵاند، بە دەنگی بەرز و شۆڕشگێڕانە هاواری کرد: "مەرگ و نەمان بۆ خومەینی و ڕێژیمەکەی"، هەر بۆیە هێزەکانی ڕێژیم لە پێش چاوی خەڵکی گوند ''مودیر''ی شۆڕشگێڕیان دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و شەهیدیان کرد.
تەرمی کاک "محەممەد گوڵچین" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە لە گوندی کۆزەڕەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.