کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد

15:19 - 3 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا:  حاجی "ڕەحمان فیرووزمەند" باوکی شەهید "محەممەد فیرووزمەند" لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر حاجی "ڕەحمان فیرووزمەند" ناسراو بە حاجی "ڕەحمانە سوورە" باوکی شەهید "محەممەد فیرووزمەند" لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد.

حاجی ڕەحمان کاتی خۆی کادری حیزبی دێموکرات بوو و ئەرکی حیزبیی خۆی لە ناوچەکەدا بەجێ دەگەیاند. هەروەها کچێکی حاجی ڕەحمان بە ناوی "گوڵێ فیرووزمەند" کادری دەرمانیی حیزب بووە.

حاجی رەحمان لە کاتی پێشمەرگایەتیدا جارێک بە توندی بریندار دەبێت بەڵام واز لە خەبات و تێکۆشان ناهێنێت.

کوڕێکی ناوبراو بە ناوی شەهید "محەممەد ئەمین فیرووزمەند" شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانە.

شەهید محەممەد ئەمین ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە پیرانشار چاوی بە دنیا هەڵدێنێت. ناوبراو لە شەڕێکی قارەمانانەدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٦٤ی هەتاوی لە گوندی "سنجەلی" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان دەبێت.

ناوبراو کادری دەرجە  ٤ی حیزب بووە.

گڵکۆی شەهید محەممە ئەمین لە گوندی "شیناوێ"ـیه.

تەرمی مام حاجی لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.