کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی شەهید "عەبدوڵڵا سابیر" لە پیرانشار کۆچی دوایی کرد

11:05 - 21 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "محەممەد سابیر" ناسراو بە "حەمدی مەلا سیمانی"، خەڵکی گوندی "شەختانـ"ـی ناوچەی نەڵێنی پیرانشار، دوای تەمەنێک سەربەرزانە، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

کاک "محەممەد" کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەردەم شانازیی دەکرد کە کوڕێکی بە ناوی "عەبدوڵڵا" و برایەکی بە ناوی "سلێمان" پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.

ناوبراو هەمیشە هاندەری ڕۆڵەکانی بووە کە پەیوەست بن بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و خزمەت بە گەل و نەتەوکەیەکان بکەن. هەر لە سەر ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیەش بوو کە زۆر جار لەلایەن بەکرێگیراو و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و بە توندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە، بەڵام بەو حاڵەشەوە ماڵەکەی هەمیشە شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بووە.

شەهید "عەبدوڵڵا سابیر" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی، لە گوندی "شەختان" لەدایک بووە. دوای هێرشی داگیرکەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بو سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە بردووە.

شەهید "عەبدوڵڵا" کادرێکی تێکوشەر و بە نەزم و دیسیپلین بووە. لە سەرەتای پێشمەرگایەتی لە هێزی تایبەتدا، ئەرکی پاراستنی دەفتەری سیاسی لە دۆڵی دێموکراتی لە ئەستۆوە بووە. دوایی لە سەر داوای خۆی، نەقڵی هێزی "قەندیل" کراوە و وەکوو "جێگر لکـ"ـی دووی ئەو هێزە دیاری کراوە.

ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزی "قەندیل" لە سەر بڕیاری دەفتەری سیاسی، لە ژێر فەرماندەیی شەهید "عەبدوڵڵا" بۆ باشووری کوردستان بەڕێ کران.

دەرەنجام لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ دوای ئەنجامدانی مەئموورییەت لە کاتی گەڕانەوەدا، لە شەڕێکی نەخوازراودا لە شوێنێک بە ناوی "قوڵقوڵە"، لە پشت گوندی پیرەومەرانـ"ـی سەقز، وێڕای ١٦ پێشمەرگەی دیکە شەهید کران و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون. گڵکۆی ناوبراو لە "قامیشەڵە"دایە.

کاک "محەممەد سابیر" هەتا دوا هەناسە بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە. تەرمی نابراو لە زێدی خۆی بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "محەممەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.