کوردستان میدیا

چوارشەممه 14ی جۆزەردان 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی فەرماندەیەکی شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە بۆکان کۆچی دوایی کرد

11:55 - 1 جۆزەردان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی  بانەمەڕ، حاجی ''باقی محەممەدپوور'' باوکی شەهید ''قاسم باقی'' فەرماندەی هێزی بەیان و خەڵکی گوندی ''ئاڵیکەند'' لە دەڤەری ئەحمەدی کۆڕی بۆکان، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

''مام باقی''، باوک و مام و خاڵی چەندین شەهیدی سەربەرزی ڕێگای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستانە.

ناوبراو باوکی شەهیدان ''قاسم، مەحموود و ناسر محەممەدپوور'' و خزمی شەهیدان ''عەبدوڵڵا محەممەدپوور؛ عومەر ڕەحمانی؛ عەبدوڵڵا شۆڕش؛ شەهید عومەر قەیتەران، فەرماندەی هێزی ئەفشین و خزمی شەهید سەرگورد عەباسی'' بوو.

''مام باقی'' کەسایەتییەکی ناودار و خۆشناوی بۆکان و دەڤەری ئەحمەدی کۆڕ بوو.

شەهید ''ناسر محەممەدپوور'' ناسراو بە "ناسر باقی" لە ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی ''داشبەند'' لەدایک بووە و ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ی هەتاوی لە دەرگیرییەکدا لە ''حوسێن مامە'' دژی هیزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا شەهید بوو.

هەروەها شەهید ''قاسم محەممەدپوور'' ناسراو بە "قاسم باقی" لەدایکبووی ١٣٣٥ی هەتاوییە و لە ٩ی بانەمەڕی ١٣٦٤ی هەتاوی لە شەڕی نەخوازراودا لە ''باغڵۆجە'' تیکەڵ بە کاروانی شەهیدان بووە.

شەهید ''مەحموود محەممەدپوور'' کوڕی حاجی ''باقی'' ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب بوو کە لە کاری حیزبیدا شەهید بووە.

 تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و لەسەر داوای خۆی لە ئاوایی ''قەرەگۆل'' لە گۆڕستانی شەهیدانی قەرەگۆل بەخاک ئەسپێردراوە.

خەڵکی ناوچەکە لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ئاوایی ''قەرەگۆل'' ئاڵای کوردستان و وێنەی ڕێبەرانی شەهید ''پێشەوا قازی و دوکتور قاسملوو''یان هەڵداوە و شێعر و سروودی شۆڕشگێڕانەیان خوێندووەتەوە.

دواتر کە هێزەکانی ڕژیم ئاگادار بوونە، پاسگای ''قەرەموساڵی'' هاتووەتە سەر گۆڕستانی شەهیدانی ئەو ئاواییە، بەڵام بۆ ئەوەی کە ئاڵا و وێنەکان نەکەوێتە دەستی ئەو هێزەی ڕێژیم،  پێش لە هاتنیان لایان بردووە.   

 حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.