کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کرد

19:23 - 22 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، "سەید محەممەد نیكجوویان"، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا ، لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

"سەید محەممەد نیکجوویان"، ساڵی ١٣١٣ لە ئاوایی "سەلیم ساغوڵلە"ی ناوچەی مەنگوڕایەتی مەهاباد لەدایكبوو.

سەید محەممەد نیكجوویان باوكی "سەید عەزیز نیكجوویان" كادری حیزب و برای شەهید "سەید عەبدوڵڵا نیكجوویان" و مامی شەهیدان "سەید جەماڵ" و "سەید بازید نیكجوویان" و ئامۆزای شەهید "سەید شەریف ئارتەنگ" بوو.

سەید محەممەد نیكجوویان ساڵەكانی ٤٦-٤٧ لەگەڵ شەهید "موراد شیرێژ" و "سەید فەتاح نیزامی" پەیوەندیی تەشكیلاتی هەبووە.

لە سەردەمی كۆماری ئیسلامیدا بە دەیان جار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و نیزامییەكانەوە بەو بیانوویە کە کوڕەکەی پێشمەرگەی حیزبە بانگهێشت كراوە و ئەشكەنجە و ئازار دراوە ، بەڵام هیچکات بۆ جارێكیش تەسلیمی داخوازییەكانی ڕێژیم نەبووە و نەیانتوانی داخوازییەكانیان بەسەریدا بسەپێنن.

سەید محەممەد پاش شەهیدبوونی "سەید عەبدووڵا"ی برای كە ٥ منداڵی هەبوو، ئەركی بەخێوكردن و گەورەكردنی منداڵەكانی ئەویشی لە ئەستۆ گرت و هیچكات نەیهێشت بێ باوكی هەست پێ بكەن.

تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی ئەسحابە سپیی مەهاباد و لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

بنەماڵەی سەید محەممەد بە شانازی دەزانن كە ناوبراو لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دوكتور قاسملوودا كۆچی دوایی كردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.