کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی "ڕوحوڵـڵا زەم" لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی کوڕەکەیدا جلوبەرگی ئاخوندیی لەبەر خۆی داکەند

11:54 - 23 سەرماوەز 2721

"محەممەد عەلی زەم" باوکی "ڕوحوڵـڵا زەم" لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی لەسێدارەدانی کوڕەکەی "ڕوحوڵـڵا زەم" بەدەستی ڕێژیمی ئێران، جلوبەرگی ئاخوندیی لەبەر خۆی داکەند.

باوکی "ڕوحوڵـڵا زەم" ڕۆژی دووشەممە لەسەر گۆڕی کوڕەکەی باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خەریکە بە دژی ئەو دۆسیەسازی دەکات و لە بەرنامەیاندایە جلی ئاخوندیی لەبەر داکەنن؛ بەڵام ناوبراو وتوویەتی کە بۆ خۆم دەسپێشخەری دەکەم و ئەو جلانە لەبەر خۆم دادەماڵم.

ئەو کەسانەی جلوبەرگی ئاخوندییان پێ دەدرێت لە کاتی لادان یان دژایەتی و تاوانێک دژی ڕێژیم، لەلایەن دادگای تایبەت بە ئاخوندەکانەوە کە سەرۆکایەتییەکەی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هەڵیدەبژێرێت، موحاکمە دەکرێت.

"ڕوحوڵـڵا زەم" کە پەنابەری وڵاتی فەرانسە بوو، ڕەزبەری ساڵی ٩٧ لە ڕەوتی سەفەرێکدا بۆ عێراق، لەلایەن سیخوڕ و تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕفێندرا و ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی لەلایەن دەزگای دادوەریی گشتی و ئینقلابی "تاران" حوکمی لەسیدارەدانی دەر کرا.

 "محەممەد عەلی زەم" باوکی "ڕوحوڵـڵا زەم" ئەو حوکمەی دادگای ئینقلابی بە نایاسایی زانی و وتبووشی کە کوڕەکەی لە ڕەوتی حوکمەکەیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش بووە.